ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق بڵاوکرایەوە

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئۆله دیل، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

لە دیدارەکەدا کە کلێمێنس زێمتنەر، کونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی ئەڵمانیای کرد بۆ ئەرك و خزمەت و هەوڵەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەڵ ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، باڵیۆزی ئەڵمانیا جەختی لە بەردەوامبوونی پشتگیریی و هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش .

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنی هاوبەش و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.


PM:05:11:26/05/2021