تەندروستی هەرێم لەسەر بڵاوبوونەوەی پەتای کەرووی رەش ڕوونکردنەوە دەدات

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی ھاووڵاتییەک بە نەخۆشیی کەڕووی ڕەش گیانی لەدەست دا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، حکوومەتی ھەرێم چاودێریی ڕەوشەکە دەکات و ئامادەکاریش بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە کراوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" بڵاوبوونەوەی کەڕووی ڕەش لە عێراق ھێشتا بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام چەند حاڵەتێک تۆمار کراون، ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی چاودێریی ڕەوشەکە دەکەین و ھەموو ئامادەکارییەکیش کراوە لەلایەن تەندروستییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی کەڕووی ڕەش". 

لەبارەی ھۆکارەکانی پەیدابوونی کەڕووی ڕەشەوە د، ئاسۆ حەوێزی باسی لەوەکرد، ھۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دیار نییە، بەڵام لێکۆڵینەوە دەکرێت، ھێشتا زۆر پشتڕاست نین کە پاشماوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، واتە ئەوانەی پێشتر تووشی کۆرۆنا بوونە، تووشی ھەمان نەخۆشی کەڕووی ڕەش دەبن.

ئەمڕۆ سێشەممە تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە، نەخۆشێک لە شاری سلێمانی بە نەخۆشیی کەڕووی ڕەش گیانی لەدەست داوە کە پێشتر لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی پزیشکاندا بووە.


PM:06:55:01/06/2021