دوو پەنابەری کورد لە وڵاتی یۆنان بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

دوو پەنابەری خەڵکی شاری مەریوان لە وڵاتی یۆنان بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک کە پەنابەرانی دەگواستەوە گیانیان لە دەست دا.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری پەناخوازان لە شاری (کاوالا)ی وڵاتی یۆنان چوار پەناخواز گیانیان لە دەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە" کە دوو کەس لەو پەناخوازانەی کە گیانیان لە دەست داوە بە ناوەکانی موحسین ئەحمەدی و ڕزگار قوربانی خەڵکی مەریوان بوون.

هەروەها، برای موحسین بەناوی لوقمان ئەحمەدی بەسەختی بریندار بووە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدیایە.

بە وتەی یەکێک لە پەناخوازەکان، پۆلیسی یۆنان شوێنی ئۆتۆمبێلی هەڵگری ئەو پەنابەرانە کەوتووە و ئۆتۆمبێلەکەش بەهۆی خێرایی زۆرەوە وەرگەڕاوە.


PM:12:26:07/06/2021