پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان رایانگەیاند" دۆخی تەندروستی زیندانییەکانیان خراپن و داوای بەپەلە پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیاندا دەکەین".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا پارێزەرانی گیراوەکانی بادینان رایانگەیاند " ٣ ی ئەم مانگە جارێکی دیکە داوایان لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان کردوە لەپێداچونەوە بەدۆسییەی سزادراوانی بادینان پەلەبکرێت، بەوپێیەی ماوەی زیاتر لە 10 مانگە لەزیندان راگیراون".
هەروەها وتیشیان" لە ٢٠ ی ئایارەوە داوای راستکردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچونەوەیان کرد و ئەوکات بڕیاردرا لەماوەیەکی کەمدا کاری لەسەر بکرێت، بەڵام ماوەیەک بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕیوە و تائێستا کاری لەسەر نەکراوە".
پارێزەران جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بڕیاری دادگای هەولێر دادپەروەرانە نەبوە و هەر ٥ راگیراوەکە ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگە لە زیندان هێڵدراونەتەوە و دۆخی تەندروستییان خراپە، پارێزەرانیشیان نەیاتوانیوە سەردانیان بکەن.