حوکمی لە سێدارەدان بۆ بکوژی خێزانە کوردەکە دەرچوو

لە بەغدا دادگای کەرخ سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژی خێزانە کوردەکە دەرکرد کە لە باوکێک و دایک و کچێک پێکهاتبوون.
ئاشنا بابان، خوشکەزای پیاوەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە ماڵپەڕی"ناس کورد"ی راگەیاندووە" دادگای کەرخ ئەمڕۆ دوایین دۆسیەی دادگایی بکوژەکەی ئەنجامداوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژەکە دەرکرد".

 هەروەها وتووشیەتی" بکوژەکە کە پێشتر دانی بەتاوانەکەدا ناوە، هیچ قسەیەکی نەکردووە لەبەردەم دادوەر، تەنها وتویەتی کە پارێزەری نییە و کەسوکاریشی نییە".
  
لە ناوەڕاستی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، ژن و پیاوێک و کچەکەیان لەلایەن کەسێکەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا لە بەغدا کوژران، ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.  
  
دارا و عالیەی هاوسەری و شیلانی کچی کە  کوردن، ساڵانێکی زۆر بوو لەبەغدا لە گەڕەکی مەنسور نیشتەجێ بوون، درەنگانی ئێوارەی ناوەڕاستی ئەیلولی ٢٠٢٠ لە کاتێکدا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردن بوو بۆ گەڕانەوە تا هەمیشەیی لە زێدی باوباپیرانیان لە سلێمانی بژین، بەڵام بەمەبەستی دزینی سەرەوەت و سامانی خێزانەکە گەنجێکی عەرەب هەر سێکیانی دوا بەدوای یەک کووشت.



PM:06:35:07/06/2021