دروستكردنی "ژمارەی بێهاوتای كەسی" بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا

ئەمرۆ چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە تایبەت بوون بە لایەنەكانی پەیوەست بە سیستمی بایۆمەتری. 

لەوبارەیەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" بە‌ ئاڕاستە‌ی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم لەڕێی بانکەوە، هەنگاوی باشمان بڕیووە".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەشی بەوەكرد" ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی وئابوری هەمیشە جەختی لەوەكردووەتەوە لەسەر بنەمای بایۆمەتری مووچە دابەش بكرێت".

لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دران لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە و میلاکات و رێکخستنەوەی پەیكەری حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری. 

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەستپێکردنی درووستکردن و دابەشکردنی "ژمارەی بێهاوتای کەسی" راگەیاند کە بریتییە لە ژمارەیەکی تایبەت بە هەر مووچەخۆرێک و هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلکترۆنی بکرێت، جەختیش کرایەوە کە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری بێت وەک لەیاسای چاکسازییدا هاتووە.


PM:07:41:09/06/2021