سەعدی پیرە لەسەر پەکەکە رەخنە لە وەزیرەکەیان دەگرێت


سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەخنە لە شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە دەگرێت کە پەلەی کردووە لە تۆمەتبارکردنی پەکەکە لە شەڕی چیای مەتینەو کوژرانی ٥ پێشمەرگە.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی وتی "وەزیری پێشمەرگە وەزیری هەموو پێشمەرگەیەکە پێویستە لەسەر شەهیدبونی پێشمەرگە بێتەدەنگ، بەڵام ناکرێت بەیاننامە دەربکرێت بەنیەتی خۆشکردنی ئاگرەکە".

  لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی "من بەدوری دەبینم ئەم بەیانە وەزیر دەریکردبێت و پێویست نەبوو، بەڵکو دەتوانرا بەوردی لەرووداوەکە بکۆڵرێتەوە لەبارەی ئەوەی پێشمەرگەکان چۆن شەهیدبوون چونکە ئەگەر گوێ لەکەسوکاری شەهیدەکان و بریندارەکان رابگریت دەردەکەوێت تا ئێستا رووداوەکە ناڕوونە".  

سەعدی پیرە دەڵێت "دەبوو وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەندە پەلەنەکات، وەزیری ناوخۆ هەراسان بووە بەهۆی لەگرێژە دەرچوونی دۆخی ئەمنی، بەڵام لەو دۆخەدا کەسایەتییە ئەمنییەکان قسەیان ناخوات و فەرماندە سەربازییەکان قسەیان سوار دەبێت".  

دەشڵێت، هیچ کەسێک نابێت حەسودی بە دۆخی ئێستای پارتی ببات، دەمێکە تا نزیکی سۆران و بەعشیقە ئاسیاسێل و کۆڕەک کارناکەن، تەنها تورک سێڵ کاردەکات، واتە تەنها شەقامە سەرەکییەکان رەنگە بەدەست حکومەتی هەرێمەوە بێت، بەشی زۆری ناوچەکانی تر هێزی تورکیای لێن.  

سەعدی پیرە ئەوەشی وت" دۆخەکە گەیشتووەتە ڕادەیەک هەموو کەس هەست بە مەترسی و هەراسانی دەکات، کاتی ئەوەهاتووە پارتی و پەکەکە گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان.



AM:12:17:11/06/2021