دارایی هەرێم: حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی یاسایی بوودجەی عێراق

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هەرێم ئه‌مڕۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌یه‌كی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١ی راگه‌یاند و ئاشكرایكرد" حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی ئه‌و یاسایاوه‌". 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ سێشەممە لە دیوانی وەزارەت، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی له‌ به‌ڕێز(سالم جواد عبدالهادی) به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) كرد.

ئاماژە بەوەش كراوە" له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڕێزان ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابوری ، د.ئامانج ڕه‌حیم، د. عه‌بدولحكیم خسرو به‌خێرهاتی شانده‌كه‌یان كرد و لای خۆشییه‌وه‌، وه‌زیری دارایی ئاماده‌یی ته‌واوی پیشاندا كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی یاسای بودجه‌ی عێراقه‌ و تاوه‌كو بتوانرێت لێكتێگه‌یشتنێكی ته‌واوه‌تی هه‌بێت و رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ سودی گه‌لی عێراق كۆتایی بێت". 

ئەوەش خراوەتەروو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی(١١ی دووه‌م د) لە یاسای بوودجە ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٢١ له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن وپاكتاوكردنی قه‌رزه‌كانی (تی بی ئای) لە‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له چوارچێوەی یاساکەدا وەک پابەند بوونی هەردوولا.


PM:11:33:15/06/2021