یەكێتی ژنێك دەكاتە سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لەپەرلەمانی كوردستان

‌بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی
یەكێتی نیشتیمانی كورستان سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات‌و بێگەرد تاڵەبانی دەكاتە سەرۆكی فراكسیۆن.
نزیكەی سێ‌ مانگە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دانیشتنەكانیان دەست پێكردووەو دوای تێپەڕینی ئەو ماوەیەش دوێنێ‌ 27/6/2014 یەكێتی بە شێوەیەكی فەرمی سەرۆكی فراكسیۆنەكەی لەپەرلەمانی كوردستان دیاریكرد.
دیاریكردنی (بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی) وەك سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە كە پێشتر وەرگرتنی ئەو پۆستە لەنێوان هەریەكە لە پەرلەمانتارانی ئەو حیزبە (سالار مەحمود، گۆران ئازاد و بێگەرد تاڵەبانی) یەكلا نەكرابووەوە.
بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی لە ساڵی 1978 لە گوندی كەلكانی بناری چیای كۆسرەت لەدایكبووەو خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستی بایۆلۆجی، لە ساڵی 1992 پەیوەندی كردووە بە رێخستنەكانی (ی.ن.ك)، ساڵی 2009 بووە بە جێگری مەڵبەندی پشدەرو لە ساڵی 2010 لە سێهەمین كۆنگرەی یەكێتیدا متمانەی بوون بە ئەندامی سەركردایەتی ئەو حیزبەی پێبەخشراوە.



PM:12:19:28/06/2014