"رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێت ببێتە بنەمایەکی گرنک بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابوری"

ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مستەفا غالب موخیف پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد .

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا لە بواری رێکخستنەوەی کەرتی بانکی و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و خراپ بەکارهێنانی پارە بۆ کاری نایاسایی و پشتیوانیکردنی تیرۆر.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە بانکی ناوەندی، مامەڵە لەگەڵ لقی هەرێمی کوردستانی بانکی ناوەندی عێراق دەکات کە بنکەکەی لە هەولێرە، وەک لایەنی فەرمی پەیوەندیدار و تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی کاروباری بانکیی لە هەرێم .

سەرۆکی حکومەت وێڕای ئامادەیی دەربڕین بۆ هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەک لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، دووپاتیشی کردەوە کە رێکخستنەوەی سیستەمی بانکی، دەکرێ ببێتە بنەمایەکی گرنک و بەهێز بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی پڕۆسەی وەبەرهێنان و بەدەستهینانی متمانەی بانک و دامودەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان.


PM:02:49:19/06/2021