فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی شارباژێڕ لە سلێمانی دەکەن


لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو جار فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی باکوری سلێمانی دەکەن، ئەم ئێوارەیە بۆردومانی ناوجەرگەی گوندی گەڵاڵەیان کردووەو بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا دوو کەس بوونەتە قوربانی.

لە لێدوانێکی رۆژنامەووانیدا، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەتی لە ناوچەی شارباژێڕ سەر بە پارێزگای سلێمانی رایگەیاند" فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندێکی سەر بە قەزاکەیان کردووە و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژراون و برینداربوون".

قائیمقامی ماوەت وردەکاری زیاتری راگەیاند و وتی " کاتژمێر شەش و ٤٠ خولەکی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکەکانی تورکیا گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزاکەیان بۆردومانکردن و ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج". 

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بۆردومانەکە لەکاتێکدا بووە مەفرەزەیەکی هێزەکانی پەکەکە بە گوندی گەڵاڵیدا رۆشتوون،  کوژراو و بریندار هەیە.

پێش هەفتەیەکیش لەمەوبەر رۆژی ١٣ی مانگیشدا، لە بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەواندا لە دەڤەری پشدەر چوار کەس گیانیان لەدەستدا.



PM:08:38:19/06/2021