بابەکر دڕەیی: لاهور جەنگی داکۆکی لە کەرتی گشتی دەکات


بابەکر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری پێشووی سلێمانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لاهور جەنگی دەڵێت" کەسایەتیەکی سیاسی لە ئاستی سەرۆکایەتی "ی ن ک" لە کەرتی گشتی و خزمەتە کۆمەڵایەتیەکان جێی دەسخۆشی و پێزانینە".

لە نوسینێکدا لە هەژماری خۆی بابەکر دڕەیی هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان و بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری پێشووی سلێمانی لەگەڵ وەسفی هاوسەرۆکی یەکێتی دا، دەشڵێت" بەشێک لە کاربەدەستانی تر بە بەرنامەی ستراتیژی خەریکی وێرانکردنی ئابوری گشتی و کەرتی خزمەتگوزارین و دەیانەوێ کۆمەلگا بخنکێنن و بیکەنە سواڵکەری دەستی مافیاگەری و هیچ پەناگایەکی تەندروستی و مۆراڵی بۆ ئینسانی کورد نەهێڵنەوە."
 
دەسخۆشی ئەکەین لە بەڕێز کاک لاهور شێخ جەنگی ( هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان) کە بە پیر داواکاری و خواستی  نەخۆشەکان چالاکوانان و خەڵکی کوردستانەوە هات و لە سەردانیدا بۆ نەخۆشخانەی "هیوا" ڕایگەیاند: ناهێڵن نەخۆشخانەی هیوا بکەوێ چونکە سیمایەکی گرنگە بۆ هەرێم و هەرچوار پارچەی کوردستان.

جێی ئاماژەیە  لەم بۆنەیەدا سەرنجی هاوڕێیان و خوێنەران بۆ  چەن خاڵێک رابکێشین:

یەک:  چەند ساڵێکە بە بەرنامەی ورد  کاردەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی خزمەتە گشتیەکان و فرۆشتنیان بە کەرتی تایبەت،
دو : ئەو سیاسەتە لە لایەن تورکیا و هەنێ وڵاتی تری جیهانەوە پشتیوانی لێدەکرێ و لە بناغەدا ئامانجی  کەڵەکەکردنی سەرمایەیە لە دەستی چەن تاقمێکی دەسەلاتدارو پەراوێزەکانیان، و ئەوەیش بە دروستکردنی شۆکی ئابوری و سیاسی و سایکۆلۆژی، سەرەنجام  وێرانکردنی بناخە ئەخلاقی و روحیەکانی  کۆمەڵگا بە مەبەستی تەسلیمبون و ملکەچپێکردن و خەریکبونی ئۆپۆزیسێۆن و خەلک بە داکۆکی و شەری ژیان نەک هەولدان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی... 

سێ: ئەم شێوازە لە ئاستی جیهانیدا لایەنگرو بیرمەندی تایبەت بەخۆی هەبون و هەن. لایەنگرانیان پێیان وایە گەر بیابانێک بدەیتە دەست "دەوڵەت" تا بەڕێوەی ببات، دوای ساڵێک پێتدەڵێن بیابان لمی تیا نەماوە!   بۆیە ئەو بیرمەندانە ( لەوانەش میلتۆن فریدمان -  قوتابخانەی شیکاگۆ) بەتەنگ سەرەنجامی داڕوخانی ئەخلاق و کەوتنەسواڵی کۆمەڵگاوە نین و پێیان وایە سیستمی کاپیتالیزمی بازاڕ تەنها رێچکەیە بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگا.

چوار : ئەو دیدگایەی لە کوردستاندا ئیدارەی وڵاتی پێدەدرێ ( بەدەر لە خواستی کاربەدەستان یان بە خواستی ئەوان)  دیدگایەکی سەرمایەداری دڕندانەیە کە ئەمریکا خۆیشی لەسەری ناروات و گفتوگۆی ئێجگار توند لەسەری بەردەوامە و لە گشتدا تێزێکی شکستخواردوە... 

ئەو شێوازەی هەرێمی کوردستان کە کەڵبەی سەرمایەدارەکانی حزب و دەوڵەتی بە سەرمایەدارەکانی بازارەوە لەحیم و ئاوێتەکردوە، چەشنێک لە کەسابەت و بازاری هێناوەتەئاراوە کە جگە لە سەرمایەداری مافیایی یاخود ئەوەی پێی دەوترێ" کۆماری مافیا" ناکرێ ناوێکی بۆ دەستنیشان بکرێ.

پێنج : بەرەنجام و ئاسەواری کۆماری مافیایی لە هەر شوێنێ بێت بریتی ئەبێت لە هەلتۆقینی ملیۆنەرەکان جا بە  فشاری دۆلار بێت یان کلاشینکۆف، هەراجکردنی ئەخلاقی کۆمەلگاو دارمانی نەریتە جوانەکان و بەبازارکردنی ئافرەتان و بلاوبونەوەی لەشفرۆشی و جەستەفرۆشی، لێدان لە خزمەتە گشتیەکانی وەک ئاو و کارەباو نەخۆشخانەکان و فرۆشتنیان بە کەرتی بازاڕ و گرێدانەوەیان بە  نێوەندە بڕیاردەرەکانی ناوچەکەو جیهان، دروستکردنی قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی درێژماوەو کورتماوەو سەرقالکردنی "هەموان" بە پاراستی ئەوەی هەیەنەو دورخستنەوەیان لە هەبونی خەونی خۆشبەختی و پێشکەوتن و ژیانی ئنسانی شایستە..

شەش : ئەم شێوازە کاپیتالیستیە مافیاییە لە ولاتە سەرمایەداریە کلاسیکەکانی وەک بریتانیاو ئەلمان و ئەسکەندینافی و زۆر وڵاتی دیکە بە تەواوی ڕەتکراوەتەوەو،  پێگەو  قورسایی دەولەت بۆ پاراستنی ئابوری و بەهاکانی کۆمەلگا  هێشتاش لە شوێنی خۆیەتی..
ئەرکێکی قورسە لە هەرێمی کوردستاندا  داکۆکی لە ئابوریەکی تێکەڵی دەولەتی - تایبەتی بکرێت لە کاتێکا بەشێک لە دەسەلاتدارە پلە یەکەکانی وڵات سالەهایە بە کۆمەکی تورکیاو ولاتانی تر خەریکی تەپاندن و روخاندنی ئەو بناخەیەن کە زیاتر لە حەفتا هەشتا سال عیراق لەسەری رۆێشتبو.

لەم پێودانگەدا داکۆکی کەسایەتیەکی سیاسی لە ئاستی سەرۆکایەتی "ی ن ک" لە کەرتی گشتی و خزمەتە کۆمەڵایەتیەکان جێی دەسخۆشی و پێزانینە بە هەبونی ئەو بەرچاورونیەی کە بەشێک لە کاربەدەستانی تر بە بەرنامەی ستراتیژی خەریکی وێرانکردنی ئابوری گشتی و کەرتی خزمەتگوزارین و دەیانەوێ کۆمەلگا بخنکێنن و بیکەنە سواڵکەری دەستی مافیاگەری و هیچ پەناگایەکی تەندروستی و مۆراڵی بۆ ئینسانی کورد نەهێڵنەوە.



PM:09:57:19/06/2021