وادەی دەستپێكردنەوەی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیەندرا

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات" وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی هەیە لە ١ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە بە جێبەجێكردنی سیستەمی ئاوێتە دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكاتەوە".

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی هەیە لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ دەست بە پڕۆسەی خوێندن بكاتەوە بە جێبەجێكردنی سیستمی ئاوێتە". 

باسی لەوەشکردووە، پێشنیازە یاسایەكیان بۆ هەمواری یاسای زانكۆ تایبەتەكان ئامادەكردووە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش بۆچوونی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەك لایەنی جێبەجێكار لەبەرچاودەگیرێت و كاری رژدی لەسەر چارەنووسی سێ یەكەمەكان و وانەبێژانی خوێندنی باڵا و گرێبەست دەكرێت بۆ ئەوەی بە مافەكانیان بگەن، ئەوەش دوای ئەوەی بودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت. 

ڕوونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی میكانیزمی وەرگرتنی دەرچوانی قوناغی (١٢) بۆ ساڵی (٢٠٢١ – ٢٠٢٢) و رێگری كردن لە دووبارە نەبوونەوەی هەڵەو كێشەكانی ساڵانی ڕابردوو كراوەتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە كەمی ماوەی نێوان تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم و خولی دووەم لە زانكۆ و پەیمانگەكان ئاشکرای کرد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بۆ ساڵی داهاتوو پێداچوونەوەیەكی جیددی بۆ ئەو بابەتە بكەن و هەوڵبدرێت تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەم بهێننە مانگی ٥ و خولی دووەمیش بۆ مانگی ٧ دوابخەن بۆئەوەی قوتابیان لەو ماوەیەدا بتوانن ئامادەكاریی باشتر بكەن. 


AM:09:16:24/06/2021