نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم ئاشکراکرا

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت" وه‌زاره‌تی دارایی پێیڕاگه‌یاندون، له‌بری ئه‌وه‌ی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرن، ده‌بێت بۆ شه‌ش مانگی رابردوو حكومه‌تی هه‌رێم بڕی (شه‌ش سه‌د و سی ملیۆن) دۆلار بداته‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ". 

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" لەسەر بانگهێشتی لیژنەی دارایی ئەمڕۆ وەزیری دارایی عیراق بانگهێشتی لیژنەكراو تیایدا چەند پرسیارێكی ئاراستەکرا بەتایبەت پشكی هەرێم لە بودجە، لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا وەزیر روونکردنەوەیەکی وردیدا و رایگەیاند، بەپێی بڕگەكانی مادەی ١٠ و ١١ی یاسای بودجەی هەرێم كۆمەڵێك پابەندبوونی لەسەرە لەبەرانبەردا كۆمەڵێك شایستەشی هەیە دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردراوە كە شایستەكانی بۆ بنێردرێت، ئێمە وەك وەزارەت راسپێردراوین ئەو وردەكاریە بكەین بزانین هەرێم چەندە شایستەی بەردەكەوێت بۆ ماوەی ئەم شەش مانگە لە ئەنجامدا دوای هەژمارکردنی خەرجیە فعلیەكانی حكومەت و لێدەركردنی بودجەی سیادی و حاكمە، روون بوویەوە كە هەرێم دەبێت رۆژانە داهاتی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی عیراق بكات".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاشکراشیکرد، دەبێت لەئێستادا حكومەتی هەرێم بۆ ئەم چەند مانگەی پێشوو بڕی ٦٣٠ ملیۆن دۆلار بداتە حكومەتی فیدراڵ، واتە لەبری ئەوەی پارەی بۆ بنێرین قەرزاردار دەرچوو بۆیە ئەگەر لە رووی سیاسیەوە چارەسەر نەكرێت بەپێی بڕگەكانی یاسای بودجە هیچ بڕە شایستەیەكی بۆ ناڕوات، لێرەدا بەویستی دەزانم وەبیر وەفدەكەی هەرێم بهێنمەوە لەبەردەم هۆڵی كۆبوونەوەكانی لیژنەی داراییدا پێیان گەشتم زۆر بە راشکاوی بۆم روونکردنەوە و سوێندم بۆ خواردن كە ئەو حسابەی ئێوە كردووتانە هەڵەیە و لەو بڕگەی هێناوتانە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ رێککەوتوون لەسەری زەرەرتانە و هیچتان دەست ناكەوێت بە شاهیدی هەندێک لە برایانی لیژنەی دارایی، بەڵام بەداخەوە كە گوێ نەگرن خەتای ئێمە نییە. 


AM:12:01:25/06/2021