پەیەدە حکومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر گیانی نوێنەرەکانیان لە هەرێم

 ئەنجومەنی گشتی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان حوکمەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر بە هەرکارێکی خراپ کە دەرهەق بە نوێنەرەکانیان بکرێت کە زیاتر لە هەفتەیەکە لە هەولێر دەستگیرکراون.

 لە بەیانێکدا کە لەبەردەم بارەگای سەرەکی پەیەدە لە قامشلۆ لەلایەن ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە خوێندرایەوە، رایانگەیاند" لە کاتێکدا ئەو دۆخە لێمان دەخوازێت یەکڕیز و یەک هەڵوێست بین و خاوەنی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بین بەرامبەر گەلەکەمان نەهێڵین تورکیا کەلێنی بخاتە جەستەی گەلی کوردمان، دەسەڵێ‌تدارانی هەولێر لە ١٠ ی حوزەیران نوێنەرانی پەیەدە و بەڕێوەبەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان، جیهاد حەسەن و مستەفا عوسمان و مستەفا عەزیزیان دەستگیرکرد لە کاتێکدا ئەوان دەیانویست بچن بۆ پێشوازی وەفدێکی رۆژئاوا لە فڕۆکەخانە، لەو کاتەوە هەوڵی برایانەمان داوە بۆ زانیانی چارەنووسیان، بەڵام بەدەر لە هەموو رێورەسمێکی دیبلۆماسی هیچ سوودێکی نەبووە".

پەیەدە، هۆشداری دەدات لە دیارینەکردنی چارەنووسی گیراوەکان و ئازادنەکردنیان، هاوکات " مەترسی رادەستکردنیان بە لایەنە دژە گەل".

هەروەها ئەو حیزبە، دەستگیرکردنیان بە بەئامانجگرتنی پەیەدە ناوزەد دەکات.

رۆژی ١٠ ی حوزەیران لە کاتی گەیشتنی وەفدێکی ئاشتی کە لە پەرلەمانتار و چالاکوانی بیانی و کوردی پێکهاتبوون لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ هەرێم، لە کاتی رۆشتن بۆ پێشوازیکردن لەو وەفدە، نوێنەرانی بەڕێوەبەری خۆسەر و پەیەدە لە هەولێر دەستگیرکران و تا ئێستا ئازاد نەکراون.



PM:04:18:30/06/2021