قونسڵی گشتی بەریتانیا:
پێویستە هەرێم پارێزگاری لەپێوەرە باڵاکانی مافی مرۆڤ بکات


قونسڵی گشتی بەریتانیا جەیمس سۆرنتن لە دوا پەیامیدا کە ئەرکەکەی لە هەرێم تەواو دەبێت، چوار خواست لە بەرپرسانی هەرێم دەکات کە یەکێکیان پارێزگاریکردنە لە پێوەرە باڵاکانی مافی مرۆڤ.

بە بۆنەی کۆتایی هاتنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا، جەیمس سۆرتن قونسڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم دەڵێت" دەبێت هەرێم پارێزگاری لە پێوەرە باڵاکانی مافی مرۆڤ بکات و، ئەوەی پەیوەندی بە ئازادی رادەربڕینەوە هەیە، پێویستە دوا راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بوارەدا جێبەجێبکات".

سۆرنتن کە لەو گرتە ڤیدیۆیەدا چوار خواست لە بەرپرسانی هەرێم دەکات، خواستی یەکەمی داوای یەکگرتووی کورد دەکات، خواستی دووەمیشی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گۆڕانکاری ئابوری لە ئارادایە و پێویستە چاکسازی رژد و بنچینەیی بکرێت، سێهەم خواستیشی تایبەت بوو بە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، دوا خواستیشی فۆکس راکێشانی بەرپرسانی کوردە بۆ پەیوەندیەکی بەهێز لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

جەیمس سۆرنتن کە دوو ساڵە لە هەرێمی کوردستانە و کۆتایی بەکارەکانی هات، بە یەکێک لە دۆستەکانی کورد هەژمار دەکرێت و، پەیوەندیەکی باشیشی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و هاوڵاتیانی کوردستاندا هەیە. 



PM:07:08:02/07/2021