وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا و گرفتەکانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" 15 حوزەیرانی ئەمساڵ، 5 یەکەی کۆمپانیای ماس بەهۆی چاککردنەوە لە کار کەوتوون، کە بە هۆیەوە 600 مێگاوات کارەبا لە توڕی نیشتمانی کەمبوەتەوە". 

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، رۆژی 15 حوزەیران، 5 یەکەی کۆمپانیای ماس بەهۆی چاککردنەوە لە کار کەوتون، کە بەهۆیەوە 600 مێگاوات کارەبا لە توڕی نیشتمانی کەمبوەتەوە.

رونیشیكردۆتەوە، كە  هەرێمی کوردستان لە وەرزی هاویندا پێویستی بە 4200 تا 4500 مێگاوات کارەبا هەیەو توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 3300 مێگاواتە، چاوەڕوان دەکرێت بگاتە 3500 مێگاوات.

هەروەها وتویەتی" کێشەی پەستانی گاز لە وێستگەی خەبات چارەسەرکراوەو 350 تا 400 مێگاوات کارەبا بۆ ناو توری نیشتمانی گەڕێندرایەوە و بەھۆیەوە بڕی بەرھەمھێنانی گشتی بەرز بوەتەوە". 

وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە" کێشەی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی کارەبا نەبونی سوتەمەنییە. لە دهۆک توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات کارەبامان هەیە. بەڵام بەهۆی نەبونی سوتەمەنی تەنیا 80 تا 100 مێگاوات بەرهەم دێنین. تەنیا %10 بەکار خراوە". 

جەختیشی كردۆتەوە، بە بونی سوتەمەنی دەتوانین 1000 مێگاوات لە دهۆک و 1000 مێگاواتی دیکەشی لە هەولێر و سلێمانی بەرهەم بێنین.

ئاشكراشیكردوە، تێچونی بەرهەمهێنانی کارەبا بە دیزل سێ بەرانبەری تێچونی بە گازی سروشتییەو خەرجییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی حکومەت، لە کاتێکدا دابینکردنی موچە لە ئەولەوییاتی حکومەتەو خزمەتگوزارییەکانی دیکەشی هەن،  %65 خەرجی کارەبا لەسەر حکومەتە و %35 لەسەر شانی خەڵکە.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی كارەبا سەبارەت بە پێدانی کارەبا بە عێراق باسی لەوەکردووە، وەزارەتی کارەبا هیچ لەو بڕە کارەبایەی کە بۆ خۆی بەرهەم دێنێت، ناداتە هیچ شوێنێکی دیکە.

هەر لەو بارەیەوە وتویەتی" 340 مێگاوات لەو وێستگەیانە کە بە هۆی نەبونی سوتەمەنییەوە لە کار وەستاون، لە لایەن عێراقەوە بۆ پارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ بەکارخراون. عێراق بۆ خۆی لە رێگەی کۆمپانیانیاکانەوە سوتەمەنی دیزلیان بۆ دابین دەکات و هیچ پەیوەندییەکی بەو کارەبایەوە نییە کە دەدەرێتە هاوڵاتیانی کوردستان". 

هەروەها لە بەشێكی تر راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە پڕۆژەی پێوەری زیرەك و كەمپینی نەهێشتنی سەرپێچی دەتوانن كۆنترۆڵی بە فیرۆچونی كارەباو سەرپێچییەكان بكەن، پێوەری زیرەک یەکێ لە باشترین پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبایە. تا ئێستا زیاتر 750,000 پێوەری زیرەک بەستراون و دەکاتە نیوەی هاوبەشانی کارەبا.

جەختیشی كردۆتەوە كە، بەهۆی پێوەری زیرەکەوە، کۆنترۆڵی بەفیرۆچوونی کارەبا كراوەو سەرپێچی کارەبا چارەسەر کراوەو مانگانە پسولە دەدرێتە هاوڵاتیان و بۆ خوێندنەوەی پێوەریش پێویست ناکات بچینە ناو ماڵی هاوڵاتیان و  هیچ تێچونێکی لەسەر هاوڵاتییانیش نییە.

لەبارەی كەمپینی نەهێشتنی سەرپێچیش، ڕایگەیاندووە، لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا 18,100 حاڵەتی سەرپێچی بڕاوەو کەمپینەکە لەسەر کارەکانی خۆی بەردەوامە."

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشیدا، وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەداوە كە هەر پارێزگاو ناوچەیەكی هەرێم رێژەیەکی دیاریکراو کارەبای پێ دەدرێت، بەم شێوەیە:

هەولێر 42%
سلێمانی  %28.3
دهۆک %24
گەرمیان  %4.7


PM:09:10:02/07/2021