"وەزیری دارایی عێراق ناتوانێت بڕیاری ناردنی پارەكەی هەرێم رابگرێت"

شارەزایەكی یاسایی كە وەزیری جەخت دەکاتەوە، کە وەزیری دارایی عێراق دەسەڵاتی جێبەجێنەكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی نییە لەبارەی ناردنی پێشینەی دارایی بۆ حكومەتی هەرێم هەتا كۆتایی هاتنی وردبینیەكان.

تاریق حەرب شارەزای بواری یاسایی عێراق لە لێدوانیکیدا بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی ڕایگەیاند" بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  لەبارەی ناردنی پێشینەی دارایی بۆ حکومەتی هەرێم بڕیارێکی تەواو یاساییە و وەزیری دارایی ناتوانێت رایبگرێت و جێبەجێی نەکات". 

باسی لەوەشکرد، دواخستنی ناردنی ئەو بڕە پارەیە ستەمێکە لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبەر ئەوەی ئەو بڕیارە پێشینەیە بۆ هەرێم نەک بەشە بودجە و دەتوانرێت دواتر حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پاکتاوی بکەن.

تاریق حەرب ئاماژەی بەوەشکرد، مووچەخۆرانی هەرێم بوونەتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان و هیچ کەسێک دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران قبوڵناکات، چونکە ئەم بابەتە مرۆییە و پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە و دەبوو لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئەو پێشینەیە خەرج بکرێت.


PM:02:10:03/07/2021