عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك: كاری دەزگای زانیاریی ببووە باندی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و خانەی لەشفرۆشی

عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك له‌سەر كێشه‌كانی ناو یه‌كێتی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت" کاری دەزگای زانیاری ببوە باندی بازرگانی مادەی ھۆشبەر و خانەی لەش فرۆشی و بەکارھێنانی ئافرەتی سۆزانی بۆ ئابڕو بردن و ژەھر خواردکردنی ھەر کەسێک کە لەگەڵ ئەو تاقمەی خۆیان ھاوڕا نەبوایە".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، سه‌ركرده‌ له‌ ناو ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکردووە" دواین بڕیار و جوڵەی باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی نەک ھەر زەرورەتێک بوو بۆ ئەو خەڵکەی کە لە سنوری قەڵەمڕەوی یەکێتی نیشتیمانیدا ئەژین، بەڵکو گەڕاندنەوەی بڕیارە بۆ حکومەت و ھەستانەوەی شکۆی حزبەکەشیان لەو منداڵ بازاڕی و مافیا گەراییەی کە وای لێھاتبوو ھیچ بڕیارێک لە سنورەکەدا لە دەستی حکومەت و تەنانەت یەکێتیشدا نەمابوو".

دەشڵێت" ھێزی دژە تیرۆر بە میزاجی شەخس و بۆ پارە پەیدا کردن و ھەڵکوتانە سەر مامۆستای زانکۆ و کۆمپانیا ئەھلیەکان و عەرەبانەیەکی لفە فرۆش بەکار دەھات ئەگەر سەرانەیان نەدایە، دەزگای زانیاری لە بری کاری ھەواڵگری دروست و ئاگادار بوون لە جوڵە و پیلان گێڕی دەزگا جاسوسیە ئیقلیمی و دەرەکیەکان، کاری ئەم دەزگایە بووبووە باندی بازرگانی مادەی ھۆشبەر و خانەی لەش فرۆشی و بەکارھێنانی ئافرەتی سۆزانی بۆ ئابڕو بردن و ژەھر خواردکردنی ھەر کەسێک کە لەگەڵ ئەو تاقمەی خۆیان ھاوڕا نەبوایە".

باسی لەوەشکردووە، ئەم جوڵە و بڕیارەی کوڕانی مام جەلالی ڕەحمەتی وەکو حزب و ناوخۆی یەکێتی نیشتیمانی پەیوەندی بە ئێمەومانانەوە نیە، بەڵام وەکو حکومەت و حکومڕانی بۆ ھەموان گرنگ بوو، چونکە کێشەیەکی گەورە بۆ تاک بە تاکی خەڵکی سنورەکە دروست بووبوو بەھۆی نەبونی بڕیار لای حکومەت و بەکارھێنانی دەزگا ھەستیارەکان بۆ چەوساندنەوە و ڕوتاندنەوەی ھاوڵاتیان.


AM:09:49:12/07/2021