پارێزەری گیراوەکانی بادینان: ئەگەر هەیە پێش جەژن لێبوردن بۆ گیراوەکانی بادینان دەربچێت

پارێزەری گیراوەکانی بادینان، بەشدار حەسەن ئاشکرای دەکات دەستپێشخەریەک هەیە پێش جەژن، یان شەوی جەژن لێبوردنی تایبەت لەسەرۆکی هەرێمەوە دەربچێت بۆ ئەو پێنج گیراوەکەی بادینان کە حکومەتی کۆتایی شەش ساڵیان بەسەردا سەپێنرا.

لە بەرنامەی " بازنەی سور " کەناڵی ئێن ئارتی کە رێبوار عەبدولرەحمان میوانداری بەشدار حەسەنی پارێزەری گیراوەکانی بادینان کردبوو، ئەو پارێزەرە زانیاری گرنگی لەسەر کەیسی گیراوە حکومدراوەکانی بادینان ئاشکرا کرد، جگە لەوەی زانیاری لابوو کە لە سەرۆکایەتی هەرێم دەستپێشخەریەک هەیە بۆ ئازاد کردنیان، هاوکات وتیشی" قونسڵی ئەمەریکا پێیراگەیاندوون لە لوتکەی دەسەلآتەوە لە هەرێم پێیان راگەیاندراوە کە مۆڵەتێکیان پێبدەن هەموو کەیسی گیراوەکانی بادینان چارەسەر دەکەن".

ئەو پارێزەرە پێیوایە ئەگەر لێبوردنی تایبەت بۆ ئەو گیراوانە دەربچێت، ئەوا نابێتە " سابقە "و دۆسیەکەیان پاک دەبێتەوە.

بەشدار حەسەن وتیشی " لە رووی یاسایی و مافی مرۆڤەوە پێشێلکاری تەواو بەرامبەر ئەو گیراوەنە کراوە، لەکاتی لێکۆڵێنەوەدا کە مافی پارێزەر بوو هەر کاتێک ویستی دیداریان لەگەڵ بکات، بەلآم هیچ رێگایان بە ئێمە پارێزەران نەداوە، هەروەها گیراوەکان مافی خۆیان کەسوکاریان ببین، لەوەشدا رێگریان لێکردن. بە سێ هەفتە جارێک مۆڵەتیان دەدەنێ یەک خوولەک بە تەلەفون قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن و هەموو جموجڵێکیان لەژێر چاودێری ئاسایشدایە". 

ئەوە لە کاتێکدایە کە دوای ئەوەی وەجبەی یەکەمی گیراوەکان کە پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوان بوون بە شەش ساڵ زیندانی کران، هەرچی وەجبەی دووەمە کە ئەوانیش پێنج دەستگیرکراون تا ئێستا دوو دانیشتن لە دادگای تاووانەکانی هەولێر سازکراوە. 



AM:09:26:13/07/2021