" تا ئێستا ساغ نەبۆتەوە ئەو ١ ملیار و ٦٠٠ ملیۆنە بۆ سلێمانی تەرخانکراوە، بۆ کۆمپانیاکەیە، یان بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆژەکانە"

 
حکومەتی هەرێمی رۆژی ١١ ی تەموز رایگەیاند کە بە بڕیاری سەرۆک وەزیران بڕی زیاتر لە یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ چەند پرۆژەیەکی سلێمانی تەرخان دەکرێت، تا ئێستا نەزانراوە ئەو بڕە پارەیە بۆ وەگەڕخستنەوەی پرۆژەکان تەرخانکراوە، یان بۆ کۆمپانیاکە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و ٦١٧ ملیۆن و ٦٤٠ هەزار دینار تەرخان کراوە بۆ چەند پرۆژەیەکی سلێمانی، بەشێکی زۆری بودجەکە کە ملیارێک و ٣٨٤ دیناری بۆ نەخۆشخانەی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی مناڵان و منداڵبوون، هەروەها ٢٣٣ ملیۆن و ٦٤٠ هەزار دیناری بۆ پرۆژەی نەخۆشخانەی ٢٠٠ قەرەوێڵەیی ڕۆماتیزم و چارەسەری سروشتی سلێمانییە".

ماڵپەڕی " سپی " پەیوەندی کرد بە جوتیار قادر بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی سلێمانییەوە، ئەو لای خۆیەوە رایگەیاند کە ئەو هەواڵەیان لە میدیاکانەوە بینیووەو هیچ زانیاری و وردەکارییەکیان لە وەزارەتەوە پێنەگەیووە.

سەرچاوەیەکی ئەندازیاری شارەزاو ئاگادار لەو پرۆژانە بە " سپی" راگەیاند" پرۆژەی یەکەمیان هەیکەلی لەلایەن ئەو کۆمپانیایەی پێیدراوە تەواو بووە، پرۆژەی دووەم کاری تێدا نەکراوەو، لە کاتی قەیرانی داراییەوە کارەکان تیایدا راگیراون، بەڵام کۆمپانیاکە داوای تەحمیلاتی ئیداری دەکات واتە ( کرێی ئۆفیس و چاودێر و ئەندازیار و ئۆتۆمبیل ) کە ئەو کۆمپانیایە داوای بڕێکی زۆری کردووە کە نزیکە لە ٥ ملیۆن دۆلارەوە، لە کاتێکدا ئەندازیاری سەرپەرشتیار تەنها ١ ملیاری بە مافی کۆمپانیاکە زانیووە، بەڵام پێدەچێت کۆمپانیاکە رەزامەندی سەرووی لە ئەنجومەنی وەزیران و دارایی و ئاوەدانکردنەوە وەرگرتووە".

ئەو ئەندازیارە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو پارەیە تەرخان کراوە بۆ کۆمپانیاکە نەک بۆ بەگەرخستنەوەو دەستبەکاربوونەوەی پرۆژەکە.   



PM:04:46:14/07/2021