ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ و لاهور توندتر دەبێتەوە " سیخوڕ دەستگیر کرا"


لە نێوترین رووداوی نوێی ناکۆکیەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی، میدیای فەرمی یەکێتی دەڵێن" سیخوڕ لە ماڵی تاڵەبانی دەستگیرکراوە".

ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیەوە بڵاویکردۆتەوە" لەناو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخوڕ گیراوە و دانیانناوە بەوەی كاری بۆ ھاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی كردووە و بەكارھێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لەبەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە بافڵ تاڵەبانی لە چەند رۆژی ربردوودا کە بەرپرسانی تری یەکێتی سەردانیان کردووەو ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو لە باخەکەی خۆی لە مێرگەپان ژەهرخواردوو کراوەو ژەهرەکەی بۆ کراوەتە شەربەتەوە.

بەرامبەر ئەو تۆمەتە، ئەو کەسانەی سەردانی لاهور جەنگیشیان کردووە، ئەو لای خۆیەوە ئەو تۆمەتانەی رەتکردۆتەوە.

ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە هاوڵاتیانی سلێمانی لەگەڵ رووداوێکی نهێنی و نوێی ناکۆکی نێوان دوو ئامۆزاکەدا دەژین هاوشێوەی رووداوەکانی خێزانی پادشاکانی سەدەی ناوەڕاستی ئەورپا کە پڕ بووە لەنهێنی و پیلانگێڕی. 



PM:12:32:15/07/2021