سەرۆکی شارەوانی سلێمانی: بەرێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ و سەرۆکی شارەوانی راپەڕین دەستگیرکراون

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند " بەرێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ و سەرۆکی شارەوانی راپەڕین دەستگیرکراون و، پاش لێکۆڵێنەوە لەگەڵیان ئازاد کراون".

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی توانا کەمال لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ تەلەفزیۆنی BMC نزیک قوباد تاڵەبانی رایگەیاند" چەند پارچە زەوییەک لە گەڕەکی عەزیزئاوا داگیرکراون و بەشێوەیەکی نا یاسایی رووپێوکراون، زانیاریمان لەبەردەستدایە بەو ئاراستەیە کاردەکەیەن ئەو زەویان بپارێزین و بیانگەرێنینەوە بۆ دەوڵەت".

سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا حاڵەتی داگیرکرنی زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، چەندان نووسراومان ئاراستەی پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردو، سکاڵاشمان لەسەر ئەو سەرپێچیکارانە تۆمار کردووەو ناسنامەیان ئاشکرا کراوە".

دوێنێ بەرێوەبەری ناحیەی بەکرەجۆ لوقمان تەرەماری لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای رووداو حاشای کرد کە گیرابێت و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە باخەکەی ئەو رۆژە تا نیوەشەو خەریکی جوتیاریی و مەڕوماڵاتەکەی بووە، سەرۆکی شارەوانی گەڕەکی راپەرینیش دوو رۆژە بەردەست نییە.

وروژاندنی دەستبەسەراگرتنی نا یاسایی زەوی لە میانەی ناکۆکی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی سەریهەڵدا کە میدیاکانی نزیک بافڵ تاڵەبانی لاهور جەنگی و براکانی تۆمەتبار دەکەن کە ئەوان ئەو سەرپێچیانەیان کردووە.

ماوەی دوو ساڵیشە ژمارەیەک پەرلەمانتار لە نێوایاندا عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد چەند جارێک داگیرکردنی ئەم زەویانەیان لە میدیاکاندا وروژاندووە، بەڵام نە پارێزگای سلێمانی و نە حکومەت و نەداواکاری گشتی بەدەم ئەو داوایانەی پەرلەمانتارانەوە نەچوون کە داوایان دەکرد سنورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە بۆ سەر موڵکی گشتی دابنرێت.



AM:08:51:24/07/2021