دواین زانیاری لەبارەی ژێر ئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە بڵاوکرایەوە

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند" لە روداوەكەی رۆژی پێنجشەممەی ژێرئاوكەوتنی بەلەمێكی پەنابەراندا، تا ئێستا ١٠ كەس بێسەروشوێنن كە هەشتیان كوردن". 

دەزگای لوتكە بۆ کاروباری پەنابەران لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەپێی دواهەمین بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، لە ڕووداوەکەی ڕۆژی ٥ شەممەی نزیک دورگەی کریتیدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان ڕزگاریان بووە، کە ١٧ لەو کەسانە لەلایەن کەسوکاریانەوە لە دەزگای لوتکە تۆمار کراون و دوای بەدواداچوونی وردی دەزگاکە، هەواڵی سەلامەتییان دراوە بە کەسوکاریان". 

دەزگای لوتكە ئاشكرایكردوە، بەداخەوە هەر لەو ڕووداوەدا ١٠ کەس بێسەروشوێنن کە دوانیان خەڵکی میسر و دانەیەکیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ٧ کەسیشیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن. 

ئاماژە بەوكراوە، دەزگای لوتکە بەهاوکاریی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواوی کردووە و بەردەوامە لە بەدواداچوونەکانی بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ ڕزگاربووانی ڕووداوەکە و هەروەها فشارکردن بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر بێسەروشوێن بووەکانی ئەو ڕووداوە. بەڵام تاکو ئێستا تەنها بەڵگەنامەی ٤ لە بێسەروشوێن بووەکان لەلایەن کەسوکاریانەوە دراون بە دەزگای لوتکە. بۆیە بۆ ئەو مەبەستە، داواکارین لە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەی دیکەش کە ژمارەیان ٣ کەسە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، زانیاری و بەڵگەنامەکان بنێرن بۆ دەزگای لوتکە.



PM:04:30:24/07/2021