لەهەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر قەدەغەکردنی هاتوچۆ دەدرێت

، وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، ئەم ھەفتەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆ دەبنەوە و بڕیاری پێویست دەدەرکەن، دەشڵێت" دیار نییە قەدەغەی هاتوچۆ ڕادەگەیەنرێت یاخود نا". 

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 24ی تەموز بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند، "بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جۆری دەلتا، ئەم ھەفتەیە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دەدەین و ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە تەندروستی و پارێزگار و یەکە کارگێڕییەکان و پۆلیس و ئاسایش بەشداریی کۆبوونەوەکە دەبن، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێویست دەدەین بۆ چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوە و دانانی سنوورێک بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە جۆری دەلتا."  

هەروەها دەشڵیت "لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەی ورد بۆ بارودۆخەکە دەکەین و گوێ لە ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەگرین، بۆ ئەوەی بزانین پێشنیاری ئەوان چی دەبێت، دواتر لەبەر ڕۆشنایی ئەو تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، بڕیاری پێویست دەدەین، ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی تەندروستیی ھاوڵاتییان، ھەر بڕیارێک گرنگ و پێویست بێت دەدەین، بەڵام پێشوەختە ناتوانم بڵێم بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ ڕادەگەیەنین، یان دەست بە کەرەنتینە دەکەینەوە."  

رێبەڕ ئەحمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئێمە وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لەماوەی ئەم دوو ساڵەی کە ڤایرۆسی مەترسیداری کۆرۆنا لە جیھاندا بڵاوبووەتەوە، ھەرچی پێویست بووبێت کردوومانە، بەڵام ئێستا بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی خودی ھاووڵاتییانە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان ماسک بەستن بکەن بە کولتوورێکی ڕۆژانە و کاتێک لە ماڵ دەرچوون و چوونە شوێنە گشتییەکان و فەرمانگە و بازاڕ و مۆڵەکان، ئەگەر ماسک بەکار بھێنن، یان ماوەی نێوانی خۆیان و خەڵکی دەوروبەر چەند مەترێک بێت، بێ گومان کاریگەریی سەد لەسەدی دەبێت بۆ خۆپاراستن”.  

" تکای ئێمە لە ھاووڵاتییان ئەوەیە، بۆ سەلامەتیی خۆتان ماسک بەکار بھێنن و ڕێکارە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن، ھەروەھا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانتان کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی کەمترین بەریەککەوتن ھەبێت، چونکە ئەم ڤایرۆسە و ھەموو ڤایرۆسە گۆڕاوەکانی کۆرۆنا، ئەگەر تێکەڵاویی نەبێت، بڵاویش نابێتەوە، کەواتە ئەرکی سەرەکی لەسەر شانی خودی ھاووڵاتییانە، ئێمەش وەکو حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێ دەکەین و ھاوکاریی ھاوڵاتییان دەکەین و ئاسانکاری لە بەڕێوەچوونی کار و کەسابەتی ھاووڵاتییان دەکەین، بەمەرجێک خۆپارێزیی ھەبێت، ئەگەر خۆپارێزی وەکو پێویست نەبێت، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ قۆناغەکانی سەرەتای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایراسی کۆرۆنا و ڕێکارە توندەکان بگرینە بەر”.  ( وەزیری ناوخۆ دەڵێت ).



PM:08:14:24/07/2021