ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ شەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.  

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابوری وڵات، ھاوکات سەرۆک وەزیران کورتەباسێکی لەبارەی ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی بۆ سەرۆک کۆمار باسکرد.

ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم ئەنجامی دیالۆگی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا و ھەواڵەکانی سەرۆک وەزیران و شاندی حکومەتی لەو بوارەدا بەرزنرخاند، ھەروەھا بەگرنگییەوە باسی لە یەکخستنی ھەواڵەکانی هێزە نیشتمانییەکانی کرد لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەری عێراق و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەگرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاوڵاتیان و ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش کە لە ھەواڵدان سەقامگیری و ئارامی هەندێک ناوچە و شار تێک بدەن، ھەروەھا رێگرتن لە هەوڵە تاوانکارییەکان کە ئاسایشی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج و پێشکەشکردنی ھەمو پشتیوانییەک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. 

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لەگرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتو کرا و دوپاتکرایەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، ھەروەھا دابینکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لەقۆناغە جیاجیاکانیدا بەرێوەبچێت دور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ و ھێنانەدی خواستی راستەقینەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک.


PM:04:28:31/07/2021