لە کۆبوونەوەی لاهور جەنگی لەگەڵ عەلی باپیر:
کارێک ناکەم پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆ بێت


لە کۆبوونەوەی عەلی باپیر  و لاهور جەنگی کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵەکەی لە گردی سەرچنار بەڕێوەچوو، لاهور جەنگی رایگەیاندووە" هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت".

ئێوارەی ئه‌مڕۆ شه‌ممه ٣١ ی تەموز، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گردی سەرچنار شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنیان.

لەو دیدارەدا هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە "هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت".

 هەروەها راشیگەیاندووە "هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان بە ڕێگای حزبی و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی یٔەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەم چارەسەر بکرێن”.

لەو دیدارەدا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەری کوردستان باسی لە پاراستنی یەکێتی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردووە، هەروەها باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە.

لە ٨ی تەموزەوە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقیوەتەوە، هەرچی بافڵ تاڵەبانییە، لاهور جەنگی بە دەرماندخواردنکردنی تۆمەتبار دەکات و براکانیشی بە زەوی داگیرکردن و قاچاخچێتتی و سەرانە سەندن لە دەوڵەمەندەکانی سنوری سلێمانی، هەرچی لاهور جەنگییە وەک رایگەیاندووە تەقینەوەی رووداوەکان و کەنارخستنی بە پیلانێکی ئاڵای شۆرش و پارتی و تورکیا ناوزەدی دەکات و لایەنگرانیشی رووتکردنەوەی لاهور جەنگی لە دەسەڵاتەکانی بە کودەتا ناوزەد دەکەن.

نووسینگەی رۆژنامەوانی لاهور جەنگی کۆبوونەوەکەی بەم جۆرە بڵاوکردۆتەوە:
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پێشوازیمان کرد لە مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان و وەفدێکی هاوڕێی.لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەوڵەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنیان.
سوپاسی پەرۆشی و هەوڵی برایانەی مامۆستا عەلی باپیرم کرد بۆ پشتیوانیکردن لە یەکێتیی و چارەسەرکردنی کێشەکان، دڵنیام کردەوە کە هیچ کارێک ناکەین پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی بێت، جەختیشم کردەوە کە هەوڵمانداوە هەموو کێشەکان بە ڕێگای حزبی و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەم چارەسەر بکرێن.باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوومان کرد و جەختمان لە یەکڕیزی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت و بە یەکدەنگی پشتیوانی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان





PM:09:21:31/07/2021