قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە

لیژنەی ریستۆرانتی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری كاروچالاكی مانگی رابردود بڵاودەكاتەوە كە زیاتر لە (300) سەردانی ئەنجام داوە و شەش شوێنیشی داخستوە.

هەرێم عەبدولڕەحمان، سەرۆكی لیژنەی ریستۆرانتی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند" لە مانگی رابردودا (2021.7) لیژنەكە (310) سەردانی بۆ كافتریا، كۆفی شۆپی كێشانی نێرگەلە، ریستۆرانت، ئۆتێل، مۆتێل و هەمو ئەو شوێنانەی هاوڵاتیان، میوانان و گەشتیارانی شاری سلێمانی بۆبەسەر بردنی كاتێكی خۆش روی تێدەكەن، ئەنجامداوه، لەو ژمارە‌ (80) شوێنیان ئاگادار كردوەتەوە‌ پابەندی رێنمایەكانی كاركردن بن، ‌هەروەها (32) پسوڵەی سەرپێچیش تۆماركراوه". 

وتیشی" لە ئەنجامی سەردانەكانی لیژنەكە بۆ كافتریا، كۆفی شۆپی كێشانی نێرگەلە، ریستۆرانت، ئۆتێل، مۆتێل و شوێنە گەشتیارەكان دەركەوتوە بەشێكی زۆری شوێنەكان پابەندی رێنماییەكانی تەندروستی، ڤێتێرنەری، گەشتوگوزار و مەرجەكانی دیكەی كاركردنن".

رونیكردەو، لەمانگی رابردودا و بەهۆی چەند بارەكردنەوەی سەرپێچییەوە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن‌  لیژنەی ریستۆرانتەوە شەش شوێن داخراون‌ و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی رێكاری یاسایی توند كردوەتەوه. 

ئاماژەی بەوەكرد: لیژنەی ریستۆرانت یەكێكە لەلیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئەندامانی لیژنەكە لەكەسانی شارەزا و نوێنەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی (گەشتوگوزار، تەندروستی، ڤێتێرنەری، ئاسایشی ئابوری و نشینگە)ـی سلێمانی پێكهاتون كه ‌بەشێوەیەكی زانستی پشكنین بۆ هەمو ئەو خواردەمەنی و خزمەتگوزاریانە دەكەن شوێنەكان پێشكەشی میوانەكانیانی دەكەن.


PM:04:18:01/08/2021