سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە

بەسەرپەرشتی بەرهەم ساڵح کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لەبەغدا بەڕێوەچوو، لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند" سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە دیالۆكی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی تا كۆتایی ئەمساڵ تەوای هێزە شەڕكەرەكان لە عێراق بكشێنەوە".

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان لەکۆشکی بەغدا کۆبونەوە، مستەفا کازمی لەکۆبونەوەکەدا ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا  و سەردانەکەی بۆ واشنتن خستەڕو، کەبریتییە لەکشانەوەی سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لەکۆتایی ئەمساڵ و بەردەوامبونی هاوپەیمانان لەچوارچێوەی راهێنان، هاوکاری ئەمنی و هەواڵگری.

ئەوەش هاتووە" بەشداربوانی کۆبونەوەکە پشتیوانی خۆیان بۆ گفتوگۆکان و ناوەڕۆکی راگەیەنراوی گفتوگۆی ستراتیژی خستوەتەڕو، بەتایبەت کە کشانەوەی هێزە شەڕەکان لەگەڵ بنەما نەگۆڕ و نیشتیمانیەکانی عێراق یەکدەگرێتەوە، هەروەها پێشوازییان کردوە لە بەردەوامی و فراوانکردنی هاوکاری نێوان ئەمریکا و عێراق لەبوارەکانی سیاسی، ئابوری، رۆنشبیری، تەندروستی و زانستیدا بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندی هەردو وڵات دەگەیەنێت". 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشداربوانی کۆبونەوەکە باسیان لەئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن کردوە و جەختیانکردوەتەوە لەپابەندبون بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، داواشیان لەحکومەت کردوە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەکە تەواو بکات، هەروەها پشتیوانی تەواوی کۆمسیۆن بێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.

لایەنەکان داواشیانکردوە ئەو حزب و هاوپەیمانیانەی بەهەر هۆکارێک بایکۆتی پرۆسەکەیان کردوە، پێداچونەوە بەبڕیارەکەیاندا بکەن و بۆ پتەوکردنی رێڕەوی دیموکراسی لەوڵاتدا پشتیوانی گفتوگۆی راستەوخۆ بن، چونکە بەشداری هەموان لەپرۆسەی هەڵبژاردن هەڵبژاردەیەکی نیشتیمانییە و لەخزمەت گەل و داخوازییەکانی دایە. 


PM:06:39:01/08/2021