حكومەتی هەرێم: كار لەسەر بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەکان دەکەین

جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە پەیامێكی بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" كار لەسەر بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزیدیان دەكات، تاوەكو تاوانباران بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن". 

دەقی پەیامەكە:

پەیامی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی جینۆسایدی خوشك و برایانی ئێزدی

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەكان لە شەنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە لایەن رێكخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش) و بە شێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە ئەنجام درا و بە هۆیەوە هەزاران كەس بوونە قوربانی و ئاوارە و بێسەروشوێن بوون.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە جددی كار لەسەر بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزیدیان دەكات، تاوەكو تاوانباران بە سزای عادیلانەی خۆیان بگەن، و هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێد و نیشتمانی خۆیان و خزمەتی زیاتری
دەڤەرەكەیان.

لە ساڵیادی ئەم كارەساتەدا، حكومەتی هەرێم بە هاوكاری دۆستەكانی، هەموو هەوڵێك دەدات قەرەبووی خەڵكی ئەم دەڤەرە و سەرجەم قوربانیانی دەستی ڕەشی داعش بكاتەوە و هەرچی لە توانایدا بێت بۆ بەرگری كردن لە خاك و نیشتمان بیكات و وەك قەڵغانێك دەبێت بۆ پاراستنی سەرجەم پێكهاتەكانی و لە خزمەتكردنی زیاتریان بەردەوام دەبێت.

ئەم تاوانە گەورەیەی كە بە ناهەق دژی گەلەكەمان ئەنجام درا، ھەمیشە لە مێژوو و هزری ئێمەدا دەمێنێتەوە.

د. جوتیار عادل
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان
٣ـی ئابی ٢٠٢١


PM:06:26:03/08/2021