نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایدەگەیەنێت" حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتەکەی یۆنامی و نووسینگەی کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بە هەند وەردەگرێت و سەرەکۆنەی کردەی ئەشکەنجە دەکات".
نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت" حکومەتی هەرێم یاسا و ڕێسای تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی ئازادییە تاکەکەسییەکان، ئەو چوارچێوە یاساییەی لە هەرێمی کوردستان بەرکارە لەسەر بناغەیەکی پتەوی جێبەجێکردن بنیاتنراوە و بەرجەستەکردنیشی لەلایەن هاوتا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چاودێری دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەشکەنجەدان کردەیەکی دزێو و قێزەونە و نامۆیە بەو بەها دیموکراتییانەی حوکمەتی هەرێم لە باوەشی گرتوە، هاوکات، حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە تا گرتوخانە و خانەکانی چاکسازی بە باشترین شێوە و بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەبچن.
نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لەوەشکردوە، لەگەڵ بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بە درێژایی ماوەی رابردو، سەردانیکردنی خانە چاکسازییەکان سنوردارکراوە، بەڵام مافی بینینی پارێزەر و پەیوەندی تەلەفۆنی زەوت نەکراوە، سەرەڕای ڕێنماییەکان بۆ سنوردارکردنی سەردانیکردنەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ داوایەکی یۆنامی و نوسینگەی کۆمسیاری باڵا ڕەتنەکراوەتە بۆ ئەنجامدانی سەردانی، هەروەها، حوکمەتی هەرێم ئامادەیە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ڕەگ و ڕیشەی ئەشکەنجەدان بە یەکجاری هەڵبکێشرێت.
باسی لەوەشکردووە، حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر دەسپێشخەرییەک دەکات بۆ هەماهەنگی و هاوکاری، بەڵام پێویستە یۆنامی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان زیاتر هاوکار بن و زانیاری وردتر بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بدەن تا بەدواداچونەکان بە شێوەیەکی خێراتر بەڕێوەبچن، لەوانەش ئاماژەکردن بەو ناوچانەی کە گوایە ئەوان تێبینیان کردوە ئەشکەنجەی تێدا ئەنجامدراوە.