لەبارەی دۆخی خراپی گیراوەکانی بادینانەوە
پارێزەران راگەیاندنێک بڵاودەکەنەوە


لەبارەی دۆخی خراپی زیندانیانی بادینانەوە، تیمی پارێزەرانی سزادراوان دەڵێن" زانیارییان هەیە کە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانی سزادراوی بادینان "زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆریان بۆ دەهێنرێت".
  
لە بانگەوازێکدا کە ئەمڕۆ شەممە ٧ ی ئاب تیمی پارێزەرانی گیراوەکانی بادینان ئاڕاستەی هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایتی پەڕلەمان کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان و،دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەنیدارەکان کردووە، هاتووە "هەر ئێستا هەواڵمان پێگەیشت کە سزادراوانی بادینان (ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان ) زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆیان بۆ دەهێنرێت، بۆیە داواتان لێ دەکەین بە پیر بانگەوازەکەمانەوە بێن کە بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەمو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت."  
  
پارێزەران لە بانگەوازەکەیاندا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە داوادەکەن بە زوترین کات زیندانییەکان بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەورانی هەولێر یاخود چاکسازی زەڕکا لە دهۆک و دەڵێن " بەپێی یاسا دوای سزادانی هەر ڕاگیراوێک دەبێ بگوازرێنەوە چاکسازی و وەک هەر زیندانیانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و ئەوانە مرۆڤن و ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانەن و هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش و نایاساییشە مانەوەیان لە ئاسایش و پێویستە بە زووترین کات سزادراوان رادەستی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەلایەتی بکرێن."  



PM:04:48:07/08/2021