ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دیوکرات لە هەولێردا لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکوژرێت


حیزبی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی مووسا باباخانی لە رۆژی پێنج شەممەوە لە هەولێر بێ سەرو شوێن دەبێت و ئەمڕۆ شەممە لە هۆتێلێکی ئەو شارەدا تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە کە نیشانەی ئەشکەنجەدانی پێوە دەبینرێت.

لە ڕاگەیەندراوێکدا حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران بڵاویدەکاتەوە " مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هەولێر تێرۆر کرا".

لەو راگەیاندنەدا هاتووە " مووسا باباخانی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی گەلاوێژ لەلایەن دوو تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕفێندرا و بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی گەلاوێژ تەرمی بێ‌گیانی لە حاڵێکدا ئاسەواری ئەشکەنجەی قورسی پێوە دیار بووە، لە ژوورێکی هۆتێلی "گوڵی سلێمانی" لە شاری هەولێر دۆزرایەوە." 

حیزبی دیموکرات دەلێت"مووسا باباخانی، خەڵکی کرماشان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بوو و لە ساڵی ١٣٧٨ەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی بۆ خەبات و تێکۆشان هەڵبژاردبوو. ئەو پێشمەرگەیەکی بەبیر و باوەڕ و نەسرەوتوو بوو، و توانی هەموو پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک ببرێ و لە کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرێ".

ئەو حیزبە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مووسا باباخانی، نوێترین قوربانیی " تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران".

تا ئێستا دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر لەو بارەیەوە هیچ راگەیاندنێکیان بڵاونەکردۆتەوە.



PM:06:30:07/08/2021