وەزیری تەندروستی: هەرێم لە هێڵی سوری کۆرۆنادایە

وەزیری تەندروستیی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت دۆخی کوردستان لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا لە هێڵی سوورداین و مەترسیدارە.

لە ڕێوڕه‌سمێكدا بە ئامادەبوونی د. سامان به‌رزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ دوو شەممە کلینیکی ڕاوێژکاریی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرایه‌وە، لەو مەراسیمەدا د. سامان بەرزنجی رایگەیاند " ماوەی چەند هەفتەیەکە بەردەوام ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و مردن بەهۆی ئەو ڤایرۆسە لە هەڵکشاندایە".

وەزیری تەندروستی وتیشی " لە ئێستادا ڕاپۆرتی پەتازانیی وەزارەتی تەندروستی کوردستان لە ئامادەکاریدایە و ئەمڕۆ تەواو دەبێـت و ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت، بەپێی ئەو ڕاپۆرتە دۆخی کوردستان گەیشتووه‌تە هێڵی سوور و لە مەترسیداین".

دەربارەی رێگا چارە و دەرچوون لەم قۆناغە مەترسیدارە، د. سامان بەرزنجی وتی" باشترین چارەسەریش بۆ ئەو دۆخە خۆپارێزی و کارکردنی بەردەوامی سیستمی تەندروستیییە کە ئێستا هەموو دەزگاکانمان لە ئەرکدان".

هەفتەی پێشوو هەرێمی کوردستان لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا لە دۆخی پرتەقاڵیدا بوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو دۆخە چووە نێو قۆناغی سوورەوە.



PM:02:46:09/08/2021