سەرۆكی پەرلەمان داوا لە نەتەوەیەكگرتوەكان دەكات لە ریفراندۆمی كوردستاندا رۆڵ ببینن

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەدیدارێكدا لەگەڵ شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كرد كە ڕۆڵی خۆیان لە ریفراندۆمێکی بێگەرد و دادپەروەرانە لە ناوچانە دابڕێنراوەكان ببینن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2 ی تەمووز د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێکهاتبوون لە (کەریم سەعید) بەڕێوبەری پڕۆژەکان و (ڕیبیکا ساکستوون فۆکس)بەرپرسی کارو گەشەپێدان وپەیوەندییەکان.بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەسەر ڕەوشی پەنابەرانی ناوچە دابڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو. لەسەرەتای دانیشتنەکەدا شاندی میوان تیشکێکی خێرایان خستە سەر کار و چالاکی رێکخراوەکەیان لە بواری فریاگوزاری خێرا و هاوکاری ئاوارەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەردا.

پاشان سەرۆکی پەرلەمان، پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی ژیانی ئاوارەکانی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بۆ باسکردن و داوای لە شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد هاوکاری حکومەت و لایەنە پەیوەندارەکان بکات لە پێشکەشکردنی فریاگوزاری خێرا بۆ ئاوارەکان"
.لەبارەی چونی پێشمەرگەش بۆ ناوچە دابڕاوەکان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت هاوڵاتیانی کورد ونەتەوەکانی تر لەو ناوچانە بپارێزێت، چونکە هەرەشە لەسەر ماڵ و ژیانیان هەیە."
 
لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی" هەرێمی کوردستان نایەوێت بەڕێگەی سەربازی کێشەی ناوچە دابروەکان چارەسەر بکات، بەڵکو بەڕێگەی ڕیفراندۆم، بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو ناوچانەش پێویستمان بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت وهیوادارم ڕۆڵی خۆتان لە ریفراندۆمێکی بێگەرد و دادپەروەرانە لەو ناوچانە ببینن، چونکە ئەو ناوچانە بەشێکی دانەبڕاوی هەرێمی کوردستانن و بارودۆخی سیاسی وایکردووە داببڕێنرێن لە هەرێمی کوردستان، ئێستا کاتی گەڕاندنەوەیانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە رێگەی یاسایی و دەستووریی.



PM:02:44:02/07/2014