بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە هاوڵاتییەکی هەرێم بوو بەقوربانی


گەریلاکانی پەکەکە لە کانی ماسی رووبەڕووی سووپای تورکیا دەبنەوەو، دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەکە دەکەن و دەبێتە مایەی کوژرانی جوتیارێکی خەڵکی زاخۆ کە لەو کاتەدا لەسەر زەویەکەی لە گوندی (دشێشێ) کاری جوتیاری کردووە. 

سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی کانی ماسی بە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "ئەمرۆ کاتژمێر ١٠ ی بەیانی هاوڵاتییەک لە گوندی (دشێشێ) لە سنوری ناحیەکەمان بەناوی( ئیبراهیم حەسەن محەمەد) تەمەن  ٥٠ ساڵ پارچە موشەکێک بەریکەوتووە و بەهۆیەوە گیانی لە دەستداوە”.

بەڕێوەبەری ناحییەی کانی ماسێ، کە بەماڵپەڕی " ئێستا " ی راگەیاندووە" ئەو هاوڵاتییەی شەهید بووە دانیشتووی قەزای زاخۆیە و خاوەنی ٦ منداڵە، بەمەبەستی ئاودانی باخ و بەروبومە کشتوکاڵییەکانیان سەردانی گوندی دشێشێ کردووە”.

سەربەست سەبری ئاماژەی بەوەشکرد، بەیانی ئەمرۆ شەرێکی دژوار لە نێوان سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە لە گوندی دشێشێ ڕوویداوە و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی بۆردوومانی ناوچەکە دەکەن و تا ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامە.



PM:03:18:13/08/2021