وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" هۆکاری گرانبوونی بەنزین بۆ کەمبوونەوەی هاوردەکردن دەگەڕێتەوە".
 
کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕووداوی ڕاگەیاند" دوو پلانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین داناوە (چارەسەری کاتی و درێژخایەن)، بۆ ئەو مەبەستەش دوو تیمی پرۆفیشناڵ لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەستبەکار بوون و "ئومێدەوارین بە زووترین کات گرفتەکە چارەسەر بکرێت". 
  
کەمال ئەترووشی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسیارێتیی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەنزین دراوەتە کەرتی تایبەت و لای حکومەت نییە، بەڵام دەبێ لەگەڵ پاڵاوگە ناوخۆییەکان و وڵاتانی هەناردەکاری بەنزین بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ بکەین و پلانێکی هەمیشەیی بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دابنێین، ئێمە خوێندەوە بۆ زیادکردنی دەرهێنانی نەوتی خاو دەکەین بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر بە پاڵاوگەکان بدەین. 
 
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ وڵاتانی هەناردەکار و بەغداش لە هەوڵەکانمان بەردەوامین، لە دوو رۆژی رابردوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبوومەوە و هاوهەڵوێستبووین لەسەر ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پلانێکی نوێ بکەین بۆ ئەوەی کارەکانمان لەسەر بنەمای ئەخلاقی و پیشەیی بن و چیدیکە قەیران دروستنەبێ. 


PM:04:20:14/08/2021