دەستەی دەستپاکی تۆمەتەکانی سەر فەرماندە سەربازییە کوردەکە بڵاودەکاتەوە

دەستەی دەسپاکی فیدڕاڵی وردەکاریی بڕیاری سزادان ئەنوەر حەمەئەمین، فەرماندەی پێشووی گشتی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق ئاشکرا کرد کە ئەو سزایە بەهۆی سەرپێچی لە گرێبەستێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لە زەوییەکی دیارییکراوی یانەی وەرزشی "القوە الجویَّە" دراوە. 
  
لە روونکردنەوەیەکدا کە لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکراوەتەوە هاتووە" ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی ئاب دادگای تاوانەکانی بەری کەرخی بەغدا سزای دوو ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر ئەنوەر حەمەئەمین و لە ئەمڕۆشەوە جێبەجێ دەکرێت".

"بڕیارەکە بەپێی بڕگەکانی مادەی (٣٤٠) لە یاسای سزادان دەرکراوە، کەسی تاوانبار کە بەڕێوەبەری پێشووی کارگێڕیی یانەکە بووە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەهلی گرێبەستی کردووە بە مەبەستی وەبەرهێنان لە زەوییەکدا کە وەزارەتی دارایی تەرخانی کردبوو بۆ یانەی "القوە الجویَّە".

لە روونکردنەوەکەی دەستەی دەستپاکی دا هاتووە " سزاکە بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچی بووە لە گرێیەستی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون بۆ کارمەندانی هێزە چەکدارەکان لەسەر زەوی تەرخانکراوی یانەی "القوە الجویَّە".  

ئەمڕۆ دوای دەرکردنی بڕیاری سزادانی بە دوو ساڵ لەلایەن دادگای بەری کەرخی بەغدا، لەکاتی بردنەدەرەوەیدا بەرەو زیندانی، ئەنوەر حەمەئەمین داوای کردووە کە دەبێت پێداویستی و جلی خۆی بهێنێت لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری مۆنیکا کە برازایەکی بەناوی "عەقید ئەرشەد ساڵح محەمەد ئەمینی" شۆفێری بووە.

ئەنوەر حەمەئەمین بە یاوەری ئەفسەرێک دەچێتە ناو ئۆتۆمبێلەکە، بەڵام عەقید ئەرشەد دەمانچە لەسەر سەری دادەنێت و پێکەوە هەڵدێ، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیردەکرێن. 



PM:10:54:16/08/2021