" وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ چارەسەری ناکۆکیەکانی هاوسەرۆکان لە سلێمانییە "

چەند رۆژێکە وەفدێکی کۆماری ئیسلامی ئێران کە مەسکەریانی بەرپرس لە فەرمانگەی قودس سەرۆکایەتی دەکات لە سلێمانی یە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی.

سەرچاوە نزیکەکان لە بافڵ تاڵەبانییەوە باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەو ناکۆکیانە یەکلایی بکرێتەوەو پێشنیاری بافڵ تاڵەبانیان پەسەند کردووە کە دەبێت لاهور جەنگی و براکانی سەفەری دەرەوە وڵات بکەن و هەرێم جێبهێڵن.

ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە ئەم داوایە گەیشتۆتە لاهور جەنگی و ئەویش داوای زەمانەتی سەفەر و پاراستنی ماڵ و موڵکەکانی کردووە، ماڵی تاڵەبانیش پەیمانیان پێداون کە هەر سامانێکی گواتستراوەیان هەبێت ئەمان رێگایان پێدەدەن لە رێگای فڕۆکەخانەی سلێمانی بیگوزێنەوە دەرەوەی ولآت، هەرچی سامانی نەگواستراوەش هەیە، زەمانیان پێدوان کە پارێزراو دەبێت.

بەپێچەوانەی ئەم زانیاریانەوە، سەرچاوە نزیکەکانی لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی چیرۆکێکی تر دەگێڕنەوەو باس لەوە دەکەن کە ئێران هاوسۆزە لەگەڵ ئەواندان و فشاریان خستۆتە سەر بافڵ و ماڵباتی تاڵەبانی کە چیتر دەستبەرداری ئەو هەنگاوانە ببن کە فشارن بۆ سەر لاهور جەنگی و لەگەڵیدا رێکبکەون.

لە ٨ ی تەموزەوە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو هاوسەرۆک، بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقییەوە، ئەوەش کاتێک کە بافڵ تاڵەبانی بە هاوپشتی هێزی کۆماندۆی شێج جەعفەر جێگری سەرۆکی هەرێم چوونە سەر دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و بەرپرسانی ئەو دوو دەزگایەیان گۆڕی، هەروەها دەسەڵاتەکانیان هاوسەرۆکیان لە کۆبوونەوەیەکی مەکتبەی سیاسیدا لە لاهور جەنگی سەندەوەو تۆمەتباری دەکەن کە بافڵ تاڵەبانی ژەهرخوارد کردووە، هەرچی لاهور جەنگییە ئەو کارانەی بافل بە کودەتا ناوزەد دەکات کە پارتی و تورکیا بەشداران لەو پیلانگێڕییەدا. 



PM:01:32:17/08/2021