" کۆبوونەوەی نێوان لاهور جەنگی‌و قوباد تاڵەبانی بە دەستپێشخەری بەرهەم ساڵح شکستی خوارد "

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە هاوینەهەواوی مێرگەپان کۆبوونەوەیەک لە نێوان لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ساز دەکات، سەرچاوەیەکی بەرپرس رایگەیاند" کۆبوونەوەکە شکستی خواردووە".

ئەمڕۆ هەینی لە هاوینەهەواری مێرگەپان بەرهەم ساڵح بە مەبەستی چارەسەری کێشەی نێوان لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوەیەک ساز دەکات، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند کۆبوونەوەکە " شکستی خواردووە".

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ماڵی مام جەلال سوورن لەسەر هەڵوێستی خۆیان و ئامادەنین جارێکی تر لەگەڵ لاهور جەنگی و براکانی کاری حیزبی بکەن. بەپێی ئەو زانیاریانە  ماڵی تاڵەبانی گەیشتوونەتە ئەو هەڵوێستە کۆنکرێتییەی وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن، " گەر کەسێک هەوڵی ژەهرخواردنیان بدات و جاسوسیان بەسەرەوە بکات، لەگەڵیدا ناگەنە هیچ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک".

هەرچەندە هەندێک میدیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەرهەم ساڵح جارێکی تر کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ لاهور جەنگی و قوباد تاڵەبانی ساز دەکات، بەلآم ئەو سەرچاوەیە بە " سپی " راگەیاند " هیچ کاتێک دانەنراوەو بۆ کۆبوونەوەیەکی تر و، ئەو بابەتە لەلای بافڵ تاڵەبانی و ماڵی مام جەلال کۆتایی هاتووە".

رۆژی ٨ ی تەموز ناکۆکییەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی تەقییەوە، دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی. لاهور جەنگی تۆمەتبار کرد کە هەوڵی ژەهرخواردن کردنی داوەو، هەر ئەو رۆژە ژمارەیەکی گۆڕانکاری لە دەزگا ئەمنییەکاندا کرد، هەرچی لاهور جەنگیشە دوای چەند رۆژێک لە راگەیاندنێکی کورتدا، ئەو کارانەی بافڵ تاڵەبانی بە کودەتا و دەستی ئاڵای شۆڕش و پارتی و تورکیا ناوزەد کرد.



PM:09:55:20/08/2021