مەسعود بارزانی: هەر میللەتێك پشت بە تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری لەناوچوونی لەسەرە

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی رووداوەكانی ئەفغانستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت" ئەگەر دوژمنان خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر". 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە" دوای رووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن، لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە، جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە، پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە، خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە، نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە. 

بارزانی لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستەڕوو، لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی دیکە، شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین، ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتەسەر، هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاوبكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات. 


PM:03:41:22/08/2021