وەزیری کارەبا: ماوەی پێدانی کارەبای زیاد دەبێت

وەزیری کارەبای ھەرێم ڕایگەیاند" ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن دۆخی کارەبا باش بێت و هەر لەمڕۆوە کاتژمێرێک کارەبا زیاد دەبێت".

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە میدیای فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە " لە  مانگی پێنجی ئەمساڵەوە پڕۆژەی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و تیمێکی ڕاوێژکاری کاری لەسەر دەکات، بەدیاریکراوی نازانین کەی دەبێت، بەڵام بڕیار دراوە کە بدرێتە کەرتی تایبەت."  

هەروەها وتووشیەتی "سودەکانی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئەوەیە کە ئەو کارەبایەی ون دەبێت دەگەڕێتەوە و بۆ ھاووڵاتییان دەبێت، ئەمەش کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەکات و کاتژمێرەکانی مووەلیدەش کەم دەبێتەوە، هەروەها چەندین کارمەندی ئێمە کە ٧٠%ی لەگەڵ ئەوان کار دەکەن مووچەکەیان کەرتی تایبەت دەیدات، بۆیە لە قازانجی ھەمووانە و گرنگ ئەوەیە لە خزمەت ھاووڵاتییاندایە.''  

 وەزیری کارەبا ئەوەشی خستەڕوو "سەرکەوتنی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکدایە، چونکە لە شوێنێکی وامان داناوە ئاسان نەبێت زیادەڕۆیی لەسەر بکرێت و پێشتر لە بۆردی ماڵان سەرپێچی دەکرا و ئێستا زەحمەتە سەرپێچی بکرێت، بۆیە سەرکەوتنی کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکە و تا پێنجشەممەی ڕابردوو ٨٢٧ ھەزار پێوەر بەستراوە کە خۆی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزارە و ڕەنگە تا مانگی دووی ساڵی داهاتوو تەواو بێت.''  

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە ناوەڕاستی مانگی شەش دۆخی کارەبا ھەندێک تێک چوو لەبەر ئەوەی کۆمپانیا پێنج وەحدەی ڕاگرت، دوای ئەوەی ٤٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج کرا، لە ئەنجامدا ٢ وەحدە گەڕانەوە و ئەمڕۆ سێیەم دەگەڕێتەوە و دۆخی کارەبا باشتر دەبێت."  

 وەزیری کارەبا ڕوونیشیکردووەتەوە، " ئێستا ڕۆژانە 16 کاتژمێر کارەبا دەدرێت و پلان ھەیە زیاتر بکرێت و ھەر ئەمڕۆ کاتژمێرێک زیاتر دەبێت.''  



PM:08:17:22/08/2021