عەلی حەمە ساڵح: سبەی بەنزین هەرزان نابێت

پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە پێچەوانەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمەوە دەڵێت" بەنزین هەرزان نابێت".

لە کاتێکدا هەموو خەڵک چاوەڕوانی ئەوە دەکات نرخی بەنزین لە هەرێمدا لە بەیانی دوو شەممەوە هەرزان بێت، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە نوسراوێکدا دەڵێت " بۆ نرخی بەنزین و گرانکردنی گازوایل بەڵێن بوو لە سبەینێوە لیترێک بەنزین لەسەرتاسەری کوردستان بکرێتە ٦٥٠ دینار! دوای بەدواداوچون دەرکەوت سبەی شتی وا نییە".

هەروەها دەشڵێت " حکومەت یەک ملیۆن لیتر بەنزینی پاڵاوگەی کاری  ھەیە بە قۆرخکاری دەیداتە دوو کۆمپانیا بە ٦٢٠ دینارو ئەوانیش بە جوملە دەیدەن بە ٨٠٠ دینار بە نزینخانەکانی دیکە! ".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " ڕێگا نادرێت گازوایل بەنزینیش لە بازگەکانەوە داخڵی ھەولێر بێت!! ئەمڕۆ تەنی گازوایلی لاناس لە ٤٥٠ دۆلارەوە کرا بە ٥٠٠ ، واتە: گازوایلیش گران دەبێت".

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت " ھیواموایە سبەی حکومەت بەڵێنەکەی لەسەرتاسەری کوردستان جێبەجێبکات و قسەی ئێمە ناڕاست بێت..ئەگەر سبەینێش نەبێ ھیوادارم لە زووترین کات ئەم گرفتەچارەسەر بکرێت".



PM:11:17:22/08/2021