بارزانی و مالکی داوا دەکەن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت

سەرۆکی پارتی و سەرۆکی دەوڵەتی یاسا نوری مالکی لە کۆبوونەوەکەیاندا کە لە پیرمام سازکرا داوا دەکەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، " بەڵام پاک بێگەردبێت".
 
لە راگەیاندراێکدا کە میدیای فەرمی پارتی بڵاویکردۆیتەوە هاتووە " ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ ـی ئابی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوری مالكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و شاندێكی یاوەری كرد".

هەروەها هاتووە "لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا".

دەربارەی هەڵبژاردن باس لەوە کراوە" هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەردوو لا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری و ڕاستەڕێبوونی پڕۆسەی سیاسی، پێویستە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت و گەرەنتی ئەوەش هەبێت كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد و دادپەروەرانە لە ژینگەیەكی ئارام و دوور لە دەسكاری بەڕێوەبچێت و هەروەها هەموو لایەكیش ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئیرادەی گەل بگرن".



PM:02:20:25/08/2021