وەزیری سامانە سروشتییەکان: ئەمشەو ١ ملیۆن لیتر بەنزین دەگاتە هەرێم

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دووەم جار رایدەگەیەنێت"  وەزیری نەوتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان داوە و ئەمشەو پرۆسەی ناردنەکە دەستپێدەکات".
 
بۆ جاری دووەم کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە "رووداو"ی راگەیاندووە" لە ئەمشەوەوە پرۆسەی ناردنی بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنی کەرکووک راسپێردراوە".
 
وەزیری سامانە سروشتییەکان دەشڵێت "بەنزینەکە بە تانکەر لە کەرکووکەوە دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشدەکرێت".
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانی ناردنی یەک ملیۆن لیتر بەنزین رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، رۆژی 21-08-2021 دەرچووە، بەڵام لە ئەمڕۆوە جێبەجێدەکرێت و دەشڵێت:"وەزیری نەوتی عێراق پەیوەندی پێوەکردووم و پێیگوتووم بەڵێنەکەم بەجێگەیاند".

کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان هەفتەی رابردوو رایگەیاند ٢٣ ی ئاب رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە بەغداوە دێت و نرخەکەی بۆ هەر لیترێک بە ٦٥٠ دینار دەبێت، ئەوا چەند رۆژێکە ئەو نەوتە نەگەیشت و وەزیر لە نێو میدیاکان رووبەڕووی رەخنەی زۆر بوەوە. 



PM:05:42:25/08/2021