ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و ماکرۆن ئاشکراکرا

ئەمڕۆ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا کۆبوونەوە و لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد تاوتوێ کرا. 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکی ھاوبەشدا لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ ئیمانوێل ماکڕۆن سەرۆکی فڕەنسا کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا ئامادەبوان بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فڕەنسا یان تاووتوێ کرد. 

ئەوەش هاتووە" سەرۆکی فڕەنسا  ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان فڕەنسا  و  هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد لە تێکشکاندنی داعش، بەردەوامبونی پشتگیریی و هاوکاریی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە، وتیشی هاتنمان بۆ کوردستان پەیامێکە کە فڕەنسا دەستبەرداری دۆستەکانی نابێت".

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم  ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەڵوێستی دۆستانەی فڕەنسای کرد لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا، ئاماژەشی بە گرنگیی كاركردن و هەماهەنگیکردن له‌گه‌ڵ فڕه‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کرد له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق بەگشتی و کێشە هەڵپەسێردارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەتی، هەروەها ڕۆڵی ئەرێنی فڕەنساشی لەپێناو ئاسایش و سه‌قامگيرى ناوچه‌كه‌دا بەرز نرخاند.


PM:08:28:29/08/2021