بۆ پارێزگاری سلێمانی، ئیسلامییەکان دەنگ بەیەکێتی و گۆڕان نادەن

ژمارەی کورسییەکانی ئیسلامییەکان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە چوار کورسیە، دەتوانن پرسی پارێزگار یەکلایی بکەنەوە، بەڵام ئەوان بڕیاریان داوە نە دەنگ بە گۆڕان بدەن، نە بەیەکێتی.
سەرچاوەیەکی ئیسلامی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند هەرچەندە کۆبوونەوەی بەردەوامیان لەگەل هەردوو لایەنی گۆڕان و یەکێتی هەیە لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەوان دەنگ بەهیچ کام لەو دوولایەنە نادەن چونکە پێیانوایە سلێمانی "بە حکومەتێکی ئیتلافی بە ڕێوەدەچێت، نە بە گۆڕان بە تەنها بەڕیوەدەچێت، نە بەیەکێتی".
سەرچاوە ئیسلامییەکە بەسپی راگەیاند ئەگەر ئەوان دوای پۆست و بەرژەوەنییە حیزبییەکانی خۆیان بکەون، ئەوا لەبەرژەوەندیاندایە لەگەڵ یەکێک لە دوو لایەنە رێکبکەون و ئەو دەمە پۆستی زیاتریان پێدەدرێت لەسەر ئاستی پارێزگاکە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن ئەوان "بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان کردووە بە قوربانی بەرژەوەندی شارەکە".
ئیسلامییەکان ( یەکگرتوو و کۆمەڵ ) بەهەردوو لایەن چوار کورسیان هەیە، کە دەتوانێت پرسی پارێزگار یەکلایی بکەنەوە، ئەگەر بچنە پاڵ گۆڕان یان یەکێتی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی( گۆڕان ١٢ کورسی، یەکێتی ١١ کورسی، پارتی ٣ کورسی، یەکگرتوو ٢ کورسی، کۆمەڵ ٢ کورسی، سۆسیالست ١ کورسی، مەسیحی ١ کورسی ).   



PM:06:58:03/07/2014