پەرلەمانی کوردستان ماوەی مانگێک دەدات بە وەزیرە پەیوەندیدارەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست تا کێشەکانیان چارەسەر بکرێن.
لە راگەیەندراوێکدا عبدالسلام دۆلەمەری، سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی-پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردۆتەوە، تیایدا هاتووە" لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە کێشە و گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان کرا ، بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا بانگھێشتی وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا بکرێت و چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش دەرفەتی مانگێک بە ھەرسێ وەزارەتەکە دەدرێت تاوەکو دوایین پلانی خۆیان دیاری بکەن بۆ کۆبونەوەی داھاتووی ھاوبەشمان" .
دەقی راگەیەنراوەکە:
بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگ،نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٣١/٨/٢٠٢١، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا .
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر نزیک بوونەوەی کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەھەردوو ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێکارەکانی خۆپاریزی لەڤایرۆسی کۆڕۆنا جێبەجێ بکرێت بۆ پاراستنی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان .
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە کێشە و گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان کرا ، بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا بانگھێشتی وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا بکرێت و چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش دەرفەتی مانگێک بە ھەرسێ وەزارەتەکە دەدرێت تاوەکو دوایین پلانی خۆیان دیاری بکەن بۆ کۆبونەوەی داھاتووی ھاوبەشمان .
ھەروەھا گفتوگۆ کرا لەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و لیژنەیەکی لاوەکی پێکھێنرا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ داواو سکاڵای قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و پۆلە ناکۆتاکان.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە سەرجەم ئەو نوسراو و داواکاریانەی ئاراستەی لیژنە کرابوون خوێندرانەوە، دوای گفتوگۆ کردن لەسەر ناوەرۆکی نوسراوەکان کاری پێویستیان لەسەر کرا و ئەوانەی پێویستیان بەوەڵام دانەوە بوو وەڵامدرانەوە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران بەمەبەستی چارەسەر کردن و بەدواداچوون .
عبدالسلام دۆلەمەری
سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی-پەرلەمانی کوردستان