فەرمانگەی پاسپۆرتی پێنجوێن دەکرێتەوە
کێشەی پۆلیسی گومرکی سلێمانیش چارەسەر دەبێت

چوار ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنن" بەرپرسانی حکومەتی فیدڕاڵی ڕەزامەندییان نیشانداوە بە کردنەوەى بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن". 

لە ڕونکردنەوەیەکدا هەریەک لە ئەحمەد حاجی ڕەشید، رێبوار کەریم، غالب محەمەد عەلی و سەرکەوت شەمسەدین ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوەدەکەن" دوێنێ سەردانی وەزارەتی ناوخۆمان کرد و لەگەڵ هەریەك لە بەشەکانی ئاسایشی فیداڵی و رەگەزنامەو باری شارستانی و کارتی زانیاری و سەرچاوە مرۆییەکانمان و نوسینگەی وەزیرمان کرد". 

دەشڵێن" پرسی گواستنەوەی موچەی فەرمانگە فیدراڵیەکانمان تاووتوێ کرد کە بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2021 پەسەندکراوە کە لە قۆناغی وردبینی دایە لەلایەن حکومەتی عێراق ەوە و هیوادارین حکومەتی هەرێم چیتر گرفت بۆ ئەم فەرمانگانە دروست نەکات."  

ئەو چوار پەرلەمانتارە باسیان لەوەشکردووە، کێشە و پێداویستیەکانی بەڕیوەبەرایەتی پۆلیسی گومرکی سلێمانیمان تاووتوێ کرد، کە پێشتر لەسەردانماندا بەڵێنی بەدواداچونمان پێدابوون.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، خۆشبەختانە هەوڵەکان ئەنجامی باشی هەیە و داواکاری بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی (عەمیدی مافپەروەر سالار عبداللە) و بەهەوڵی بێ وچانی فەریق (سمکۆ نەدیم)، عێراق رازی بووە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پێنجوێن، هەروەها پلانی نوێ هەیە بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ ئیدارەدانی پۆلیسی گومرک و پاسەوانی سنور و چارسەرکردنی کێشەکانیان.


PM:05:23:01/09/2021