مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی بەتوندی وەڵامی پەیەدە دەداتەوە

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات - پەیەدە دەداتەوە و دەڵێت" ئەوە لە یەکێتی ناوەشێتەوە کە بە گۆڕانی کەسەکان هەڵوێستەکانی بگۆڕێت". 

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەنیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی  ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كە چەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراِستەی ی.ن.ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی كە ھەموو لایەک بە حزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لەرۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی". 

ڕوونیشیکردەوە، ئاماژەكانی ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی  لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست  و نەگونجاون، یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە.  

ئەوەشی خستەڕوو، لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری  و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات.  

دوێنێ هەینی ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاند" هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا".

سەبارەت بە پەیوەندی پارتی و تورکیاش ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەکردوە، پارتی بۆ فرۆشتنی نەوت و بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا پێویستی بە تورکیایە، بۆیە کارەکانی ئەو حزبە بەرەزامەندی تورکیا ئەنجام دەدرێن و بەخواستی تورکیا دەجوڵێتەوە، دەشزانین تورکیا بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێمەی ناوێت.

وتیشی" پارتی لە چەندین وێستگەکەدا زیانی بە بەرژەوەندییەکانی کورد گەیاندووە لەوانەش نەپاراستنی ئێزدییەکان و شەڕ دژی گەریلا کە بەخواستی تورکیا مامەڵە دەکات، هەروەها لەرۆژئاوای کوردستان و کێشەکانی ناوخۆی یەکێتیش تورکیا رێگریکرد لەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکان".


PM:11:44:04/09/2021